لە هۆتێل رەشیدەوە بۆ كەركوك؛ 614 رۆژ لە ململانێی پۆست

20/04/2026

لە هۆتێل رەشیدەوە بۆ كەركوك؛ 614 رۆژ لە ململانێی پۆست

كەركوك/ نیسانی 2026/ كۆبونەوەی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

تەنیا چەند خولەكێك لە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەس بوو بۆ كۆتاییهێنان بەو ململانێ و ناكۆكییانەی ساڵێك و هەشت مانگ درێژەیان كێشا، ئەو قەیرانەی كە خۆی هەر لە چەند خولەكێكی دانیشتنێكی هاوشێوە لە هۆتێل رەشید-ـی بەغداوە سەریهەڵدا.

دوابەدوای 20 مانگ (614 رۆژ) لە بایكۆت، رێگای دادگا و شەڕی میدیایی كە ئەنجومەنی پارێزگاكەشی گەیاندە لێواری ئیفلیجی، شەوی رابردوو (16ـی نیسانی 2026) ئەنجومەن بە ئامادەبوونی 14 ئەندام لە كۆی 16 ئەندام (بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان) كۆبووەوە بۆ گۆڕینی لوتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن؛ پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك.

ئاڵوگۆڕەكە جگە لە پارێزگار، چەند پۆستێكی دیكەی ئیداری گرتەوە و كورسییە بەتاڵەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكەی پڕكردەوە. ئەو لایەنەنانەی پێشتر دەرەنجامی هۆتێل رەشید-ـیان رەتكردەوە، بوون بە بەشێكی سەرەكی لەو ئیدارەیەی بە "ناشەرعی"ـیان دەزانی.

جیاوازییەكە ئەوەیە؛ كورد لەڕێی شەرعیەتی "رەشید"ـەوە كۆتایی بە حەوت ساڵ چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار هێنا و توركمانیش لەڕێی هەمان شەرعیەتەوە، خەونێكی مێژویی بەدیهێنا و دوای سەدەیەك لەسەر كورسی پارێزگا دانیشتن. هێشتا ئەوەش كۆتایی رێگاكە نییە، هەر بەپێی ئەو "شەرعیەتە" كەركوك لەبەردەم جەولەیەكی دیكەی گۆڕانكاریدایە كە چاوەڕواندەكرێت بكەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو.

ئاوێك بە ئاگرەكەی رەشید-ـدا

دانیشتنەكەی درەنگانی شەوی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە تەنیا پارتی لێ نەبوو، مەراسیمی كۆتاییهێنان بوو بەو ململانێ سیاسییەی لە هۆتێل رەشیدەوە دەستپێكرد.

حكومەتی خۆجێی كەركوك لە 10ـی ئابی 2024 لە هۆتێل رەشید لە بەغدا پێكهات، بە بەشداری پێنج ئەندامی یەكێتیی، دوو ئەندامی لیستی قیادە، تاكە ئەندامەكەی عروبە و كۆتای كریستیان كە پێكەوە 9 ئەندامی ئەنجومەن بون لە كۆی 16 ئەندام.

بەڵام حەوت ئەندامی تر لەوانە (هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك سێ ئەندام، پارتی دیموكراتی كوردستان دوو ئەندام، بەرەی توركمانی دوو ئەندام)، بەشدارییان لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتەكەدا نەكرد و وەكو ئۆپۆزسیۆن مانەوە، بەڵكو بایكۆتیان كرد و رێگای دادگایان گرتەبەر.



محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، شەوی رابردوو 16ـی نیسان، وتی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت دواكەوت لە وادەی خۆی بەهۆی بارودۆخی هەرێمی و بارگرژییەكانی ناوچەكەوە، هەنگاونانی ئێستاشی بە جددیەت و بەهێزكردنی هاوبەشی لە پێناو كەركوك، لێكدایەوە.

هەردوو دادگای كارگێڕی و فیدراڵی ژمارەیەك داوای ناڕازییەكان لە كۆتاییەكانی ساڵی 2024 و سەرەتای 2025ـدا رەتكردەوە، لە نێو سكاڵاكاراندا هەریەك راكان سەعید جبوری، سەرۆكی هاوپەیمانی عەرەبی و پارێزگاری پێشووی كەركوك، حەسەن تۆران، سەرۆكی ئەوكاتی بەرەی توركمانی هەبوون بە پاساوی ئەوەی بەبێ ئاگاداری و بەشداری و هاوبەشیكردنیان دانیشتنی ئەنجومەن لە بەغدا كرا بۆ هەڵبژاردنی رێبوار تەها، بە پارێزگار و حافز، بە سەرۆكی ئەنجومەن و ئیبراهیم تەمیم، بە جێگری پارێزگار بۆ كاروباری هونەری و چەند پۆستێكی دیكە.

ئەو ناسەقامگیرییە بەردەوام بوو، لە نێویاندا بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەن، تا وردەوردە لە مانگەكانی رابردوودا، هەرجارە و ئەندامێكی ئەنجومەن بە پاساوی جیاواز گەڕایەوە بۆ ئەنجومەن، بەڵام شەڕی میدیایی دژی حكومەتی كەركوك لەلایەن ناڕازییەكانەوە مایەوە.

زاهیر ئەنوەر عاسی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشكی عەرەب بۆ یەكەمجار لە ئەیلولی ساڵی رابردوو بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرایكرد، بەپێی رێككەوتنی سیاسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی، لە ساڵی 2026ـەوە پۆستی پارێزگار بۆ توركمان دەبێت و دواتر دەبێتە پشكی عەرەب، ئەو ئاڵوگۆڕەش لەلایەن ژمارەیەك سیاسییەوە زامن كراوە لە نێویاندا قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیب ئەهلەحق.