عیراق سێیەم وڵاتە لە زیانە گیانییەكاندا لە هەولێر دوو هاوسەر بە درۆنی بۆمبڕێژكراو "شەهید" بوون

10/04/2026

عیراق سێیەم وڵاتە لە زیانە گیانییەكاندا لە هەولێر دوو هاوسەر بە درۆنی بۆمبڕێژكراو "شەهید" بوون

پێشمەرگەیەك و هاوسەرەكەی لە هەولێر "شەهید" بوون، بەهۆی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە كە لە "ئێرانەوە" ئاڕاستە كرابوو و هەمان كات، چەند هێرشێكی "ئەمریكا/ئیسرائیل" لە كەركوك، سەڵاحەدین و ئەنبار بۆ بارەگای حەشدی شەعبی، "شەهید"ـێك و ژمارەیەك برینداری لێكەوتەوە.

هێرشەكەی سنوری پارێزگای هەولێر، كاتژمێر 12:15 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی نیسان خانوی هاوڵاتییەكی كردۆتە ئامانج لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە ناحیەی دارەشەکران و درۆنەكەش وەكو دژەتیرۆری كوردستان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە "لە ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوو".

لەو هێرشەدا دوو هاوسەر بەناوەكانی موسا ئەنوەر ڕەسوڵ (39 ساڵ) و مژدە ئەسعەد حەسەن (35 ساڵ) "شەهید بوون" و دوای خۆیان دوو كچیان بەجێهێشت.

روداوەكە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كاردانەوەی لێكەوتەوە و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە لایەنێكی دەسەڵات لە عیراق لەوبارەیەوە بەیاننامەی نەبووە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت "ئه‌م هێرشانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قبووڵکراو نین و به‌ ته‌واوی ڕه‌تکراوه‌ن"، داوا لە ‌ حکومەتی فیدراڵیی عیراق دەكات ئه‌رك و بەرپرسیاريه‌تیی خۆی جێبەجێبکات بۆ رێگريكردن له‌م تاوان و هێرشانە.

هاوكات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی "بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و ماڵی هاووڵاتییان، تاوانی جەنگە و داوای خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، دەگەینینە هەموو جیهان بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو ستەمکارییە.. دابندرێت".

ئەو هاوڵاتییەی لە هێرشەكەدا بۆتە قوربانی، پێشمەرگەیەیە و بەوهۆیەوە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری دەدات "گیانی هاووڵاتیان و سەروەریی خاکەکەمان هێڵی سوورە". داوا لە حکومەتی عیراقی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بێدەنگ نەبن.