نیو سەدە چاوەڕوانی؛ خەلیل دەگەڕێتەوە سەر زەوی باوباپیرانی

10/04/2026

نیو سەدە چاوەڕوانی؛ خەلیل دەگەڕێتەوە سەر زەوی باوباپیرانی

لە گوندێكی کەناری روباری ئەڵوەن، خەلیل ئەشرەف سەرقاڵی ئاودێری زەوییەكی بەرفراوانی كشتوكاڵییە. ئەو زەوییەی باوباپیرانی تیایدا ژیاون و زیاتر لە 50 ساڵە لێی زەوت كراوە.

لە گوندێكی کەناری روباری ئەڵوەن، خەلیل ئەشرەف سەرقاڵی ئاودێری زەوییەكی بەرفراوانی كشتوكاڵییە. ئەو زەوییەی باوباپیرانی تیایدا ژیاون و زیاتر لە 50 ساڵە لێی زەوت كراوە.

ئێستا ئومێدێك بۆ خەلیل و سەدان جوتیاری دیكەی خانەقین دروستبووە، بەپێی یاسا و لەڕێی گرێبەستی كشتوكاڵییەوە، جارێكیتر خاوەندارێتی زەوییەكانیان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەش دوای نیو سەدە لە چاوەڕوانی. ئەو هەنگاوە نوێیە بێ بەربەست نییە، پێویستی بە ژمارەیەك بەڵگەنامە و راییكردنی مامەڵەیەكی پڕ لە رێكاری ئیداری هەیە.

نیو سەدە لە دابڕان

چیرۆكی ئاوارە و دابڕانی جوتیاران لە زەوییەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1975 و دواتر، ئەوكاتە خەلیل تەمەنی تەنیا هەشت ساڵ بوو، كاتێك لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا، خێزانەكەی ئەو و سەدان خێزانی دیكەی كورد لە زێدی باوباپیرانیان دەركران.

"هەر ئەوكات كە ئاوارەبوین و لە خاك و ئاوی زێدی خۆمان دورخراینەوە، زەوییە كشتوكاڵییەكانمان دەستی بەسەرداگیرا و درا بە عەرەبی هاوردە" خەلیل ئەشرەف، بۆ (كەركوك ناو) وای وت. خەلیل جوتیارێکی بەتەمەنی گوندی (محەمەد شیربەگ)ـی خۆرئاوای قەزای خانەقینە لە دیالە.

به‌پێی بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجومەنی باڵای شۆڕش و لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ باكوری سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی حزبی به‌عس، زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی كورد له‌ كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست به‌سه‌ر عه‌ره‌بی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراقدا دابه‌شكران، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ته‌عریب و راگواستنی خێزانه‌ كورد و توركمانه‌كاندا.

خەلیل، كە نوێنەرایەتی ژمارەیەك لە جوتیارانی ناوچەكەی دەكات، وتی لە دوای ساڵی 2003ـەوە گەڕانەوە بۆ سەر زەوی و خاكی خۆیان، لە بەرانبەردا جوتیارانی عەرەب گوندەكەیان بەجێهشتووە.