دایکێک بۆ سێ کچە نابیستەکەی، هیوا لە ئازاردا دەچێنێت

10/04/2026

دایکێک بۆ سێ کچە نابیستەکەی، هیوا لە ئازاردا دەچێنێت

روناك ره‌سوڵ، ئازار و نیگه‌رانی زۆری چه‌شت، تا رێگایه‌كیان پێنیشاندا بۆ ئه‌وه‌ی سێ كچه‌ نابیسته‌كه‌ی فێری قسه‌كردن بكات، له‌كاتێكدا ئه‌و پێیوابوو هیوای ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ رۆژێك گوێی له‌ ده‌نگی كچه‌كانی بێت.

روناك له‌ ساڵی 1999 ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌، خه‌ڵكی گوندی گەڵناغاج له‌ ناحیەی ئاغجەله‌ر سه‌ر به‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ، دایكی سێ كچ و دوو كوڕه‌، هه‌رسێ كچه‌كه‌ی نابیستن و توانای قسه‌كردنیان نییه‌، به‌ڵام ئه‌و كۆڵینه‌دا تا له‌ڕێی جوڵه‌ی لێوه‌كانییه‌وه‌ فێری قسه‌كردنیان بكات.

"شەوگار، كچه‌ گه‌وره‌كه‌م له‌ ساڵی 2001 له‌دایكبووه‌، تا دووساڵ نه‌مانزانی نابیسته‌، تا رۆژێك دایکی هاوسەرەکەم پێی وتین كچه‌كه‌تان گوێی له‌ قسه‌ نابێت"، دوای ئه‌وه‌ سه‌ردانی پزیشك ده‌كه‌ن و ئه‌ویش جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی شه‌وگار نابیسته‌.

لێره‌وه‌ چیرۆكی ئازار و خه‌می روناك بۆ ئه‌و منداڵه‌ی ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وكات كه‌ به‌ منداڵی دووه‌م دووگیانبوو، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ نابیست بێت. ئه‌وه‌ش خه‌مێكی تر بوو بۆ ئه‌و خێزانه‌. به‌ڵام ترسه‌كه‌ی له‌جێی خۆیدا بوو، چونكه‌ كچی دووه‌میشی دوای له‌دایكبون و پشكنین ده‌ركه‌وت به‌هه‌مان شیوه‌ نابیسته‌.

"بڕیارماندا چیتر منداڵمان نه‌بێت، به‌ڵام خه‌ڵكی هه‌ر ده‌یانوت خوا گه‌وره‌یه‌ با منداڵێكی ترتان ببێت، ئه‌وه‌ بوو له‌ ساڵی 2007 نیگاری كچم له‌دایكبوو، ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ نابیست بوو".

به‌پێی راپۆتی پزیشكی هه‌رسێ كچه‌كه‌ی روناك ره‌سوڵ رێژه‌ی نابیستیان له‌سه‌دا سه‌ده‌.

هه‌نگاوێك و كۆڵنه‌دان

كاتێك شه‌وگار بوو به‌‌ 10 ساڵ، روناك رۆژێك ده‌یباته‌ سه‌نته‌ری مناڵپارێز بۆ ئه‌وه‌ی راهێنان به‌ كچه‌كه‌ی بكه‌ن و فێری قسه‌كردنی بكه‌ن.